Ezekiel 27

شیوەنێک بۆ سور

1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ سور بگێڕە. 3بە سور بڵێ: ئەی نیشتەجێ لەلای گەرووی دەریا، ئەوەی لە زۆربەی کەنارەکان بازرگانی لەگەڵ گەلان دەکات، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”ئەی سور، تۆ گوتت
’من تەواو جوانم.‘
4سنوورەکانت لەناو جەرگەی دەریاکان،
بنیادنەرانت جوانی تۆیان تەواو کرد.
5هەموو تەختە دارەکانیان
لە دار سنەوبەری سنیر
سنیر: دەگەڕێتەوە بۆ چیای حەرمۆن. بڕوانە دواوتار 3‏:9‏.‏
بۆت دروستکرد.
لە لوبنانەوە دارێکی ئورزیان هێنا
تاکو داری ئاڵات بۆ دروستبکەن.
6لە دار بەڕووەکانی باشان
سەوڵەکانی تۆیان دروستکرد.
تەختەداری درێژی کەشتییەکەت لە داری سەروون لە کەنارەکانی قوبرسەوە هێنراون،
بە عاج ڕازاوەن.
7کەتانی نەخشێنراوی میسر
چارۆکەکەتە هەتا بۆت ببێتە ئاڵا.
قوماشی مۆر و ئەرخەوانی لە کەنارەکانی ئەلیشایەوە
چەترت بوون.
8خەڵکی سەیدا و ئەرڤاد
سەوڵیان بۆ لێدەدایت.
ئەی سور، پیاوە داناکانت کە لەناوتدا بوون،
ئەوان کەشتیوانت بوون.
9پیرانی جوبەیل
شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت.‏
و داناکانی لەسەر پشتی تۆ بوون،
کون و کەلێنەکانیان بۆت پڕ دەکردەوە.
هەموو کەشتییەکانی دەریا و کەشتیوانەکانیان هاتنە تەنیشتت،
بۆ بازرگانیکردن بە کەلوپەلەکانت.

10«”پیاوانی فارس و لوود و پووت
لە ڕیزی سوپاکەت جەنگاوەرت بوون،
قەڵغان و کڵاوی ئاسنینیان لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
ئەوانە شکۆیان بە تۆ بەخشی.
11نەوەی ئەرڤاد لەگەڵ سوپاکەت
بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت بوون،
گەمادییەکان لەناو قوللەکانت بوون،
قەڵغانەکانیان بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
ئەوانە جوانی تۆیان تەواو کرد.
12«”تەرشیش بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری کاڵاکانت بازرگانی لەگەڵ دەکردیت، زیو و ئاسن و تەنەکە و قورقوشمی بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

13«”یۆنان و توبال و مەشەک بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، کۆیلە و کەلوپەلی بڕۆنزیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

14«”دانیشتووانی بێت‌تۆگەرما ئەسپ و ئەسپی سواری و هێستریان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

15«”خەڵکی ڕودس
دوورگەیەکە لە دەریای سپی ناوەڕاست.‏
بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زۆر لە کەنارەکان بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی تۆ بوون، لە جیاتی نرخەکەی عاج و داری ئەبەنوسیان پێدەدایت.

16«”ئارامییەکان لەبەر زۆری کارە دەستکردەکانت بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، بەردە پیرۆزە،
بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباوە.‏
قوماشی ئەرخەوانی، کاری ئەتەمین
نەخشاندنی قوماش بە دەست.‏
، کەتانی ناسک، مەرجان و یاقووتیان
یاقووت: گەوهەری سووری تێر.‏
بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

17«”یەهودا و خاکی ئیسرائیل بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، گەنمی مینیت و شیرینەمەنی و هەنگوین و زەیت و مەرهەمی هەتووانیان
ئازارشکێن.‏
بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

18«”دیمەشق بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بەهۆی زۆری کارە دەستکردەکانت و فرەیی سامانەکەت، شەرابی حەلبۆن و خوری چاحەریان لەگەڵت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

19«”دانییەکان و یۆنانییەکان لە ئوزال ئاڵوگۆڕیان بە کاڵاکانت دەکرد، ئاسنی کوتراو و کاسیا
دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت.‏
و قامیشی بۆنخۆشیان لەگەڵ کەلوپەلەکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

20«”دیدان بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون.

21«”عەرەبستان و هەموو میرەکانی قێدار بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، لە بەرخ و بەران و نێری، بەمە بازرگانییان لەگەڵ کردیت.

22«”بازرگانەکانی شەبا و ڕەعما بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زێڕ و هەموو جۆرە بۆنێکی خۆش و بەردە گرانبەهاکانیان لە باشترین جۆر لەگەڵ کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

23«”حەڕان و کەنێ و عەدەن و بازرگانەکانی شەبا و ئەشوور و کیلمەد بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت. 24ئەوانە لە بازاڕەکانت بە جل و بەرگی جوان، قوماشی مۆر، کاری ئەتەمین، بەڕەی چنراو و ڕەنگین بە دەزووی ڕستراو و پتەو بازرگانییان لەگەڵ کردیت.

25«”کەشتییەکانی تەرشیش کاڵاکانت بار دەکەن.
لە باری گران لەناو جەرگەی دەریاکان پڕیت.
26ئەوانەی سەوڵت بۆ لێدەدەن
بۆ ناو ئاوە زۆرەکان دەتبەن،
بەڵام بای ڕۆژهەڵات لەناو
جەرگەی دەریاکان تێکتدەشکێنێت.
27سامان و کاڵا و کەلوپەلەکانت،
کەشتیوان و دەریاوان و وەستاکانت،
ئاڵوگۆڕکەران بە کەلوپەلەکەت، هەموو جەنگاوەرەکانت کە لەناو تۆدان،
هەموو سەرنشینەکانت کە لە ناوەڕاستی تۆن،
لە ڕۆژی ژێر ئاو کەوتنت
دەکەونە ناو جەرگەی دەریاوە.
28لە دەنگی هاواری کەشتیوانەکانت
کەنارەکان دەلەرزن.
29هەموو سەوڵلێدەر و کەشتیوانە بە ئەزموونەکان و
کەشتیوانە ئاساییەکانی دەریا،
لە کەشتییەکانیان دادەبەزن و
لەسەر کەنار ڕادەوەستن،
30دەنگیان بۆت بەرز دەکەنەوە و
بە تاڵییەوە دەقیژێنن،
خۆڵ دەکەن بەسەر سەری خۆیاندا و
لەناو خۆڵەمێش خۆیان دەگەوزێنن.
31بۆ تۆ پرچی سەریان دەتاشن و
جلوبەرگی گوش دەپۆشن.
بە تاڵی گیانەوە گریانێکی تاڵ
بۆت دەگریێن.
32لە کاتی گریانیان لاوانەوەیەک بەرز دەکەنەوە،
بۆت دەلاوێننەوە:
’کێ وەک سور لەناو جەرگەی دەریا
بێدەنگی نواند؟‘
33کاتێک کاڵاکانت بە دەریاکاندا ناردە دەرەوە،
گەلانێکی زۆرت تێر کرد.
بە زۆری سامان و کەلوپەلەکانت
پاشایانی زەویت دەوڵەمەند کرد.
34کاتێک لە دەریاکان تێکشکایت
لەناو قووڵایی ئاوەکان،
کەرەستە و هەموو سەرنشینەکەت
لەگەڵت نوقوم بوون.
35هەموو دانیشتووانی کەنارەکان
واقیان لێت وڕدەمێنێت،
پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،
ڕوخساریان دەشێوێت.
36بازرگانانی نێو گەلان فیکەت بۆ لێ دەدەن،
کۆتاییەکەت ترسناک دەبێت و
ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
Copyright information for CkbKSS